هاوسەرگیری منداڵان لە یەمەن تا ئەمڕۆش بەردەوامە سەرەڕای ئەوەی یەمەن لە ساڵی 1991دا پەیماننامەی مافی منداڵانی پەسەند کرد، کە هاوسەرگیریی منداڵان بەو هاوسەرگیرییە پێناسە دەکات کە یەکێک یان هەردوو لایەنەکە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بێت، حکومەتی یەمەن بووە هۆی پاشەکشەکردن لەسەر ئەو پرسە کاتێک پەرلەمان لە ساڵی ١٩٩٩ کەمترین تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری کچان و کوڕان هەڵوەشاندەوە، کە ئەوکاتە ١٥ ساڵ بوو. حکومەت لەو کاتەدا دەیگوت هەبوونی تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ ئاییندا ناکۆکە.
ساڵی 2009 زۆرینەی پەرلەمان دەنگیان دا بە دانانی تەمەنی 17 ساڵی وەک کەمترین تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری. بەڵام گرووپێکی کۆنەپەرستی یاسادانەر بەرەنگاری بوون و دەیانگوت یاسا پێشنیار کراوەکە پێچەوانەی یاسای شەریعەتی ئیسلامییە. بە بەکارهێنانی ڕێکارەکانی پەرلەمان بۆ وەستاندنی بەردەوامی یاساکە، ئەم کۆمەڵە یاسادانەرە سەرکەوتووانە دەرچوون و هیچ کەمترین تەمەنێکی یاسایی بۆ هاوسەرگیری لە کۆتاییدا نەهاتە ئاراوە. بەداخەوە یەمەن دەرفەتی ڕزگارکردنی زۆرێک لە منداڵان لە ترسناکییەکان و کارەساتەکانی هاوسەرگیری منداڵان کە تا ئەمڕۆش بەردەوامن لەدەستدا.
ئەمڕۆ لە یەمەن زۆرێک لە منداڵەکان بە ناچاری هاوسەرگیری دەکەن و هەندێکیان لە کاتی هاوسەرگیریدا تەمەنیان تەنها هەشت ساڵە. هاوسەرگیری منداڵان مەترسییەکی جددی لەسەر داهاتووی کچان لە وڵاتەکەمدا پێکدەهێنێت. ناچارکردنی کچانی گەنج بۆ هاوسەرگیری کاریگەری نەرێنی گەورەی دەبێت لەسەر ژیانیان چ لە ڕووی دەروونی و چ لە ڕووی جەستەییەوە
ئەو خێزانانەی کە منداڵە بچووکەکانیان ناچار دەکەن هاوسەرگیری بکەن، خۆیان بەرپرسیارێتییەکی گەورە لە ئەستۆ دەگرن کە بە هۆکاری جیاواز توانای تێگەیشتنیان نییە. کچان و کوڕان پێویستە ڕابکەن و لەگەڵ هاوڕێکانیان یاری بکەن و بچنە قوتابخانە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یەمەن لە ناوەڕاستی شەڕێکی چەکداریدایە، دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان بووەتە هۆکارێکی تایبەت بۆ نیگەرانی. کچانی گەنج بە تایبەتی لە چوارچێوەی نائەمنی و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵک کە یەمەن شاهیدییە، تووشی لاوازی بوون. بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لێکۆڵینەوەی لە کاریگەرییەکانی ململانێی یەمەن کردووە لەسەر هاوسەرگیریی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی، لە هەر پێنج کچە ئاوارەیەک یەکێکیان هاوسەرگیری کردووە. خراپتربوونی دۆخی ئابووری یەمەنیش بووەتە هۆی زیادبوونی هاوسەرگیری منداڵان، چونکە خێزانەکان مارەیی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی لە ڕووی داراییەوە بژین.
بێبەشکردنی کچانی گەنج لە یەمەن لە مافی خوێندن و سنووردارکردنی چانسی ژیانیان بە ناچارکردنیان بۆ هاوسەرگیری بە گەنجی، کاریگەری لەسەر تەواوی ژیانی دەبێت و پێدەچێت کاریگەری لەسەر منداڵانی ژنە منداڵەکانیش هەبێت.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەوڵی بەردەوام لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە هەبووە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی هاوسەرگیریی منداڵان و دەرئەنجامە کارەساتبار و زیانبەخشەکانی. ئەم جۆرە هەڵمەتانە لە چەند کۆمەڵگەیەکی گوندنشینی یەمەن ئەنجام دراون و دوای ئەوەی داڕێژەرانی سیاسەت نەیانتوانی لەسەر یاسایەک ڕێکبکەون کە کەمترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری دیاری بکات و سەرپێچیکارانی ئەو یاسایە سزا بدات.
لە کۆتاییدا، ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە دەسەڵاتدارانی دادوەریی لە یەمەن هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بکەن و سزای توند بەسەر ئەو گەورەساڵانەدا بسەپێنن کە “هاوسەرگیری” لەگەڵ منداڵان دەکەن. ئەوان تەنیا پێشێلکاری مافی منداڵانن. هیوادارین چالاکڤانانی مافی منداڵان و کاریگەرەکان بەردەوام بن لە کار و هەڵمەتەکانی هۆشیاری لە هەوڵێکدا بۆ کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیری منداڵان. پێویستە بەرنامەی هۆشیاری لە ناوچە گوندنشینەکان بە هاوکاری قوتابخانە و ڕێکخراوە مەدەنییە ناوخۆییەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان و کۆمەڵە ئاینییەکان بەڕێوەبچێت. ئەوان باشترین کەناڵن بۆ ئامانجکردن بەو پێیەی دەستڕاگەیشتنێکی فراوانیان هەیە و لێرەوە دەتوانن خەڵک لە دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی هاوسەرگیری منداڵان ئاگادار بکەنەوە.




