ڕۆژێک تێناپەڕێت کە ئێمە لێرە لە عێراق هەواڵی ئەو ژنانە نەبیستین دەیانەوێت بە شێوەیەکی یاسایی یان نایاسایی ڕزگاریان ببێت لە کۆرپەلەی سکی خۆیاندا گەشە دەکات. خانمان لەبەر چەندین هۆکاری جیاواز پەنا بۆ لەباربردنی منداڵ دەبەن، لەوانە خراپی دۆخی ئابووری، کە پێشتر منداڵی زۆری هەیە یان باروودۆخی نێوان ژن و مێردەکە خراپە. لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت هەڕەشەی جیابوونەوەی ئافرەتان دەکرێت ئەگەر منداڵەکە بهێڵنەوە. ئەگەر دووگیانی لە هاوسەرگیرییەکی بەناو کاتی یان نهێنیدا ڕووبدات، ئەوە دەتوانێت مەترسی لەسەر ژیانی هەردوو هاوسەری پەیوەندیدار دروست بکات.
هەندێک لە ژنان لێرە تووشی دەستدرێژی دەبن بەڵام بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێوە کە دەرئەنجامەکانی چی دەبن، ئاشکرای ناکەن. خراپترینیان ئەگەر دەستدرێژییەکە ببێتە هۆی دووگیانی و ژنەکە نەتوانێت لەباری ببات.
لەو شوێنانەی کە لەباربردنی منداڵ بە نایاسایی دەمێنێتەوە، زۆرجار ژنان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. بە ئاسانی دەتوانرێت بەهرەیان لێ وەربگیرێت لەلایەن کارمەندانی تەندروستی کە کارەکانیان دوور لە چاوی یاسا لە کلینیکەکانی نهێنیدا بەڕێوەدەبەن. بەپێی یاسای عێراق لەباربردنی منداڵ قەدەغەیە بەو پێیەی ئایینی حکومەت ئیسلامە و ئیسلام لەباربردنی منداڵ قەدەغە دەکات. هەروەها ئەو کەسانەی لە عێراق هاوکاری لەباربردنی منداڵ دەکەن دەتوانن سزا بدرێن و بچنە زیندان. ئەگەر پزیشک، دەرمانساز، کیمیاکار، مامان یان یەکێک لە یاریدەدەرەکانیان بێت، ئەو کات تاوانەکەیان قورستر دەبێت. لەباربردنی منداڵ تەنها لە هەندێک حاڵەتی زۆر کەمدا لە عێراقدا بە یاسایی دەمێنێتەوە، وەک ئەگەر دووگیانییەکە لە ئەنجامی پەیوەندی خزمایەتی بێت یان ئەگەر مەترسی لەسەر ژیانی ژنەکە دروست بکات.
جێگای سەرنجە کە عێراق هێشتا ڕەخنەی هەیە سەبارەت بە بەندی لەباربردنی منداڵ لە چوارچێوەی بەندەکانی پڕۆژە یاسای نێودەوڵەتی مافی ژنان CEDAW (پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ژنان). وەزارەتی تەندروستی پێویستە لە ڕێگەی بەرنامەیەکی بەهێزی پلاندانانی خێزانەوە کەرەستەی بەرگری لە دووگیانی، ڕاوێژکاری پزیشکی وچاودێری تەندرووستی زاوزێ بۆ ژنان دابین بکەن.




