بۆچی لەباربردنی منداڵ لە مەراکش تابۆیە و بابەتێکی مشتومڕاوییە؟ بۆ ئەم پرسیارە وڵامی زۆر هەن، بەڵام دیارترینیان ئایینە، بە تایبەتیتر: ئیسلام، ئایینی فەرمی دەوڵەتی مەراکشە. بەڵام مەسەلە گەورەکە خودی ئیسلام نییە وەک ئایین، بەڵکوو پشتبەستنی حکومەتی مەراکش بە قوتابخانەی فیکری مالیکی لە ئیسلام دایە. ئەم قوتابخانەیە بە توندترین لێکدانەوە دادەنرێت سەبارەت بە لەباربردنی منداڵ. هەروەها دوکتوراین یان قوتابخانەی مالیکی کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر یاسای سزادانمان هەیە کە لەباربردن وەک تاوانێکی سزادراو پێناسە دەکات.
وڵامێکی دیکە بۆ ئەوەی بۆچی لەباربردنی منداڵ لە مەراکش قەدەغە کراوە، لایەنی کولتوورییە. لێرەدا کۆمەڵگا ڕۆڵی ژن لە ئەرکێکی زاوزێدا سنووردار دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە کۆمەڵگا ناتوانێت ئەو ژنانە قبوڵ بکات کە نایانەوێت ئەوە کارە بکەن کە بەهۆیەوە خولقێندراون – منداڵیان ببێت -. بەڵکوو ئەم گوتارە کە ژن بە تەنها دەفرێک بۆ منداڵبوون و زاوزێ دەزانێت، لە پرۆگرامەکانی قوتابخانەدا دیارە. منداڵان فێردەکرێن کە ژنان دەبێت منداڵیان ببێت.
لە ئەنجامدا هەموو سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی ژنان لە بەرامبەر بێتوانایی یان هەڵبژاردنی منداڵنەبوونیاندا پووچەڵ دەبنەوە. لە کۆتاییدا سەرکەوتن و ڕۆڵی ژنان لە منداڵبووندا پوختە دەکرێت. ئەگەر ژن منداڵی نەبێت، بوونیان هیچ سوودێکی نییە. بەم شێوەیە هەست دەکەم گوتارەکە لێرە لە مەراکش بەم جۆرەیە. هەڵوێستێکە کە بەتەواوی پێچەوانەی مافی ژنانە.




