لە مەغریب، ئامارەکان دەریانخستووە کە ڕێژەیەکی زۆری ئەو کچە گەنجانەی لە گوندەکاندا منداڵیان دەبێت، هاوسەرگیریان کردووە. هاوکات پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لەوەی دووگیانی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستی کچانی گەنج دروست دەکات، چونکە جەستەیان بە ڕادەی پێویست گەشەی نەکردووە بۆ دایکایەتی.
بە وتەی سەکینە، چالاکڤانی مافی مرۆڤی مەغریبی، دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان لە لادێکانی مەغریبدا بەردەوامە. هەندێک لە خێزانەکان بەردەوامن لە ناچارکردنی کچەکانیان بۆ هاوسەرگیری لە ڕێگەی ئەو کارەی کە پێی دەوترێت “فاتیحە”. حکومەتی مەغریب هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی پرسی هاوسەرگیری منداڵان دەدات بەو پێیەی یاساکە لە ڕووی تەکنیکییەوە ڕێگری لە هاوسەرگیری منداڵان دەکات، هەرچەندە ئیستسنا لە یاساکەدا هەیە.
هاوسەرگیری منداڵان یان هاوسەرگیری خوار تەمەنی یاسایی بەو هاوسەرگیرییە پێناسە دەکرێت کە منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ تێیدا بەشداربن. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە زۆرینەی ئەوانەی تووشی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دەبن، کچانی لاوازن و لە ژێر بارودۆخی خراپی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەژین.
مەغریبیش سەبارەت بە دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان لەم یاسایە بێبەری نییە. لە زۆرێک لە خێزانە لاوازەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا، هێشتا وەک ڕێگەیەک سەیر دەکرێت بۆ ئەوەی کچێکی گەنج لەگەڵ پیاوێکی دەوڵەمەند کە زۆر لە خۆی گەورەترە، هاوسەرگیری بکات. وەک ڕێچکەیەک بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری گشتی خێزانەکە سەیر دەکرێت بەڵام ئەو کارەساتە ترسناکە پشتگوێ دەخات کە کچەکە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
سەبارەت بە ئەلجەزائیر، لە مادەی 7ی یاسای خێزانی ئەو وڵاتەدا هاتووە کە کچێک دەبێت تەمەنی ١٨ ساڵ بێت بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکات. بەڵام هێشتا منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە ناوچە گوندنشینەکانی ئەلجەزائیر لەلایەن خێزانەکانیانەوە بەهۆی ترسی دایک و باوکیان لە لێدان یان بیروباوەڕی کۆمەڵایەتی و ئایینی کۆنەپەرستانەیان هاوسەرگیری دەکەن. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە کەلێنێک لە یاسای خێزاندا هەیە کە ڕێگە بە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی دەدات لە ئەلجەزائیر هاوسەرگیری بکەن.
یەمەن نوێنەرایەتی یەکێک لەو وڵاتە عەرەبیانە دەکات کە هاوسەرگیری منداڵانی تێدا بەربڵاوە. بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی یەمەن، نزیکەی لەسەدا ١٤ی کچانی یەمەن کە تەمەنیان لە خوار ١٥ ساڵە، هاوسەرگیریان کردووە.
هەرچەندە دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان لە یەمەن ڕەگ و ڕیشەی لە بیروباوەڕی دێرین و نەریتە ئایینییەکانەوە هەیە، بەڵام زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ململانێی بەردەوامی ئەو وڵاتە دۆخەکەی خراپتر کردووە و لە ئەنجامدا هاوسەرگیریی منداڵانی زیاد کردووە. چالاکڤانانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کار لەسەر مافەکانی منداڵان زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لێکەوتەوە و هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەدەن لەسەر پرسی هاوسەرگیری منداڵان. بەڵام هەوڵەکانیان بەرهەمی نەبووە.
سووریا کە هەر وەک یەمەن بەدەست بەڵای شەڕەوە دەناڵێنێت، لەم ساڵانەی دواییدا شایەتی زیادبوونی بەرچاوی هاوسەرگیری منداڵانی بووە. ئەو زیادبوونە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە لەوانە پرسی کۆمەڵایەتی و ئابووری. لە هەندێک حاڵەتدا باوک لە خێزانێکدا پەنا دەباتە بەر ئەوەی کچەکەی زوو هاوسەرگیری بکات بەو ڕوونکردنەوە کە کچەکەی لە ڕفاندن دەپارێزێت.
لە سەردەمی کۆنترۆڵی داعش بەسەر خاکەکانی سووریادا، هاوسەرگیریی منداڵان بە خێرایی بڵاودەبووەوە، چونکە گروپە تیرۆریستییەکە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی سەروو کۆنەپەرستانە و توندڕەوانەی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا سەپاند. لە عێراقدا بەگوێرەی زانیارییەکان، هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ جیابوونەوە لەمڕۆدا.




